ئێران: کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەروی هورمز بەهۆی مینەوە تەقییەوە
محەمەد رزگار
٢٦ی تەمووزی ٢٠٢٦
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەروی هورمز، دوای ئەوەی لەو رێڕەوە دەرچووە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە دیاریکرابوو، تووشی تەقینەوە بووە.
بەپێی ئاژانسی "تەسنیم"ـی ئێرانی، کەشتییەکە بەهۆی بەرکەوتنی بە مینێکی دەریایی تەقیوەتەوە، دوای ئەوەی بەپێی رێنماییەکان نەجووڵاوەتەوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تاران پێشتریش چەندین جار ئاگاداری داوەتە کەشتییەکان کە لە رێڕەوە دیاریکراوەکان دەرنەچن، بەپێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیار دەبن لە هەر روداوێک.
ئەم روداوە دوای ئەوە هات کە تاران رایگەیاند، هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە هەڵپەساردووە، ئەوەش دوای راگرتنی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکی ئێران.
لەو وتەبێژی سوپای ئێران ئاشکرایکرد، "چونکە ستراتیژیی ئەوان لەسەر بنەمای وەڵامدانەوەی هاوشێوەیە، دوای ئەوەی ئەمریکییەکان هێرشەکانیان راگرت، ئەوانیش کردەوە تۆڵەسێنەرەوەکانیان راگرت."
سەرەڕای هێوربوونەوەی رێژەیی هێرشەکان، مینە دەریاییەکان بوونەتە گەورەترین ئاستەنگ لەبەردم ئاساییبوونەوەی جووڵەی دەریایی، بەپێی خەمڵاندنەکانی ئەمریکا، هەزاران مینی دەریایی جۆراوجۆر لەم رێڕەوە سەرەکییەی بازرگانی و وزەی جیهاندا چێنراون.



