داهاتی نانەوتی عیراق ئاستێكی پێوانەی تۆماركرد و گەیشتە 16%ی كۆی داهاتی وڵات، لەو رێژەیەش داهاتی نانەوتی هەرێم 5.5%ی پێكدەهێنێت.

روانگە ئیكۆ عیراق بۆ كاروباری ئابووری لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، بۆ یەكەمجار لە مێژوودا داهاتی نانەوتی عیراق لە دوو مانگی رابردوو گەیشتووەتە 16%ی كۆی داهاتی وڵات و ئاستێكی پێوانەیی تۆماركردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ساڵانێكی زۆر داهاتی نانەوتی عیراق تەنها 5%ی كۆی داهاتی عیراقی پێكهێناوە، تاكو لە چوارەمین كابینەی حكومەتی عیراقدا بەرزبووەتەوە بۆ 10% و دواتریش لە شەشەمین كابینەی حكومەتدا قۆناغ بە قۆناغ رووی لە بەرزبوونەوە كردووە.

ئیكۆ عیراق ئاماژەی بەوەشداوە، داهاتە نانەوتییەكان هەریەك لە رسوماتی بەرهەمهێنان و باجی كاڵا و رسوماتی هەناردە و هاوردەكردن دەگرێتەوە، دەشڵێت، ئەو داهاتە نانەوتییەی مانگانە هەرێمی كوردستان رادەستی عیراقی دەكات، 5.5%ی داهاتی نانەوتی عیراق پێكدەهێنێت.