دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی چوار بازرگانی مادەی هۆشبەری راگەیاند
محەمەد رزگار
٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٦
لە سنوری شاری سلێمانی دەستبەسەر 25 هەزار دەنک حەبی هۆشبەر و 21 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لەجۆری ئەمفیتامین 'کریستاڵ"ـدا گیرا، دەزگای ئاسایشی هەرێمیش دەڵێت: چوار بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی سلێمانی لەدوو چالاکییدا، توانیان دەستبەسەربڕی 25 بیست و پێنج هەزار دەنک حەبی هۆشبەر و 21 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لەجۆری ئەمفیتامین 'کریستاڵ'ـدا بگرن لەسنوری شاری سلێمانی.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە چالاکی یەکەمدا لە رۆژی 18-7-2026، لەدوای بەدواداچوون و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد، دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر لەشاری سلێمانی دەستگیرکران و دەستبەسەربڕی 25بیست و پێنج هەزار دەنک حەبی هۆشبەرگیرا کە بەشێوەی قاچاغ بەمەبەستی ساغکردنەوەی هێنرابووە شاری سلێمانی.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، لە چالاکی دووەمدا لە رۆژی 19-7-2026، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی سلێمانی بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لەدوای بەدواداچوون و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد توانیان دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیربکەن و دەستبەسەربڕی 21 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لەجۆری ئەمفیتامین(کریستاڵ)ی وشک و شل بگرن.
راشیگەیاند، لەئێستادا تۆمەتباران بەمادەی 25 لەیاسای مادەهۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان ژمارە 1ـی ساڵی 2020 راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسییەکانیان بەردەوامە.



