وەزیری دەرەوەی ئێران دان بە بوونی کەلێنێکی ئەمنی بەردەوامدا دەنێت کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، و رایدەگەیەنێت؛ پلانمان هەبوو لە کاتی بەئامانجگرتنی رابەری پێشوودا گەروی هورمز دابخەین.

عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ بەهۆی بوونی "کەلێنێکی ئەمنی"ـیەوە کە تا ئێستاش بەردەوامە، لە جەنگی رابردوودا بارەگای عەلی خامنەیی، رابەری پێشووی ئێران کرایە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەلێنە تەنها ئەمنی نەبووە، بەڵکو کاریگەری کردووەتە سەر پڕۆسەی بڕیاردانیش لە وڵاتدا.

عیراقچی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "چیڕۆکی جەنگ" ئاشکرایکرد؛ تاران لە یەکەم رۆژی جەنگەکەوە پلانی بۆ هەموو ئەگەرەکان دانابوو، بڕیاریش بوو لە ئەگەری بەئامانجگرتنی رابەری باڵادا، گەروی هورمز دابخرێت.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی، تەنانەت ئەگەر چانسی سەرکەوتنی دانوستانەکان لە سەدا دەش بووبێت، ئەوان دەرگای گفتوگۆیان لەگەڵ ئەمریکا دانەخستووە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی جەنگ، بەڵام هاوکات هێزە چەکدارەکانیان لە ئامادەکاری نەوەستاون و دوای دوو سەعات لە دەستپێکردنی هێرشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران، کە تێیدا لە 28ی شوباتی رابردوو عەلی خامنەیی و چەند ئەندامێکی خێزانەکەی گیانیان لەدەستدا، وەڵامی سەربازییان داوەتەوە.