راوێژكارێكی حكومەتی عیراق: قەبارەی دارایی 48 رێككەوتن لەگەڵ واشنتۆن 60 ملیار دۆلارە
شنیار
١٩ی تەمووزی ٢٠٢٦
راوێژكارێكی حكومەت رایگەیاند، 48 ڕێككەوتنەكە لەگەڵ واشنتن كرانەوەی ئابووری عیراق بەهێزتر دەكەن، و قەبارەی داراییەكان دەگاتە60 ملیار دۆلار.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق، رایگەیاند، ئیمزاكردنی 48 رێككەوتن و یاداشتی لێكتێگەیشتن لەگەڵ ئەمریكا، هەنگاوێكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی كرانەوەی ئابووری و راكێشانی وەبەرهێنانی بیانی، بەڵام جەختی لەوەشكردەوە، كاریگەری راستەقینەی ئەو رێككەوتنانە بەندە بە گۆڕینیان لە سەر كاغەزەوە بۆ پڕۆژەی كرداری.
روونیشكردەوە، متمانەی نێودەوڵەتی بە ئابووری عیراق تەنها بە چاكسازی راستەقینە، وەك ئاسانكاری رێكارە كارگێڕییەكان، شەفافیەت، و دابینكردنی سەقامگیری یاسایی و ئەمنی بەدی دێت.
راشیگەیاند، قەبارەی دارایی ئەو 48 رێككەوتن و یاداشتی لێكتێگەیشتنەدەگاتە 60 ملیار دۆلار، ئەو بڕە پارەیە وەك وەبەرهێنان لە پڕۆژە ستراتیژییەكانی عیراقدا خەرج دەكرێت، كە ئامانج لێی پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و بەهێزكردنی كەرتی تایبەتە لە وڵاتدا.
مەزهەر محەمەد ساڵح، وتیشی، ئەو هاوبەشییانە دەبنە هۆی زیادبوونی بەشداری كەرتی تایبەت لە كۆی بەرهەمی ناوخۆیی، زیادبوونی داهاتە نانەوتییەكان و گەشەی ئابووری.



