موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە پەیامێکیدا هێرشی توندی کردە سەر ئەمریکا و بە شەیتانی گەورە ناوی بردوە و دەڵێت؛ شکاندنی چەندین جارەی بەڵێنەکان نیشانەی بێ بەهایی ئیمزای دۆناڵد ترەمپە و درۆزنی شەیتانی گەورەیە.

موجتەبا خامنەیی، سەبارەت بە یاداشتی لێکتێگەیشتن رایگەیاندوە،  بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر درۆزنیی ئەمریکا و بێبایەخیی ئیمزای دۆناڵد ترەمپ و سەلمێنەری ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت متمانەی پێ بکرێت.

خامنەیی ئاماژەی بەوەش کرد، کە تاکڕەویی و بەرژەوەندیخوازی  بەشێکی دانەبڕاون لە رێبازی سیاسیی ئەمریکا.

ناوبراو لە پەیامەکەدا جەختی کردوەتەوە، کە ئەمریکای دوژمن هەوڵی هەڵگیرساندنی شەڕ دەدات، بەڵام پێویستە بزانێت کە گەلی ئێران و بەرەی بەرگریی، دەرسێکیان دادەدەن، کە هەرگیز لەبیری نەکات.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، خامنەیی جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی بەرەی ناوخۆیی کردەوە و رایگەیاند، کە یەکڕیزیی ناوخۆ و هاودەنگیی نێوان گەل و بەرپرسان لە تەواوی گۆڕەپانەکاندا، تاکە گەرەنتییە بۆ پاراستنی عیزەت و سەربەخۆیی ئێران، بەتایبەت لە روبەڕووبوونەوەی دوژمنێکی تاوانبار و فێڵبازی وەک ئەمریکادا.

رێبەری ئێران داوای لە سەرجەم لایەنەکان کردوە، پارێزگاری لە تەبایی بکەن و خۆیان لە ناکۆکی و ململانێی سیاسی بەدوور بگرن، ئاماژەی بەوە کردوە، پاراستنی ئەم یەکڕیزییە ئەرکی سەر شانی هەمووانە، بەڵام لەم نێوەندەدا رۆڵی بەرپرسان و دڵسۆزانی شۆڕش لە پاراستنی هاوسەنگی و یەکپارچەیی وڵاتدا زۆر گرنگتر و هەستیارترە.