بەقایی: ئەم جەنگە بەسەر گەلی ئێراندا سەپێندراوە و ئێمە تەنها بەرگریی دەکەین
بڵند
١٨ی تەمووزی ٢٠٢٦
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا پێشێلی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئابادی کردوە و دەیەوێت خۆی گەروی هورمز بەڕێوەبەرێت، ئاماژەی بەوەشکردوە تا ئێستا هیچ بڕەپارەیەکی بلۆکراوەی وڵاتەکەی ئازاد نەکراوە
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە، ئەوان تەنها بەرگرییان کردوە و هەرگیز ئێرانییەکان شەڕیان لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا نەویستووە، جا لە ناوچەکە بێت یان لە دەرەوەی وڵات.
ئاماژەی بەوەشکردوە، جگە لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و کەرەستەی سەربازیی ئەمریکا هێرشیان نەکردووەتە سەر هیچ ئامانجێک، ئێران و کۆماری ئیسلامی لە یەکتر جیا نین، نەتەوەی ئێرانیش دوژمنی لەگەڵ گەلی ئەمریکا نییە و ئەووەی ئەمریکا ئەنجامیدا پێشێلکردنی راستەوخۆی لێکتێگەیشتنەکە بووە.
بەقایی ئەوەشیخستوەتەڕوو، ئەمریکا ویستویەتی رێرەوێکی نوێ لە گەوری هورمزدا دروستبکاتو هەژمونی ئێران نەهیڵێت، لە کاتێکدا رێککەوتن گەروەکە لە نێوان ئێراون و عوماندا بەڕێوە ببرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەقایی دەڵێت؛ تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی بلۆکراوی وڵاتەکەی ئازاد نەکراوە، لە کاتێکدا پابەندبوونیان ئەوە بوو کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەدا، ئێران بە ئازادی دەستی بگات بە هەموو سەروەت و سامانە بلۆکراوەکانی.



