ئاژانسی هەواڵی فارس هۆشداری دەدات، لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانی مەدەنی ئێران، سوپای پاسداران دەستناپارێزێت و دەستبەجێ فڕۆکەخانەکانی دوبەی و ئەبوزەبی  دەکرێتە ئامانجی موشەک و درۆنەکانی ئێران.

ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی فارس، لە زاری لێپرسراوانی سوپای پاسدارانەوە ئاشکرای کردوە، ئەگەر جارێکی تر ئەمریکا ژێخانی مەدەنی ئێران بکاتە ئامانج، لە وەڵامدا سوپای پاسداران هەریەکە لە فڕۆکەخانەکانی  دوبەی و ئەبوزەبی بە ئامانج دەگرێت.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، جگە لەو فڕۆکەخانەکان، هەریەکە لە  بەندەری فوجەیرە لە ئیمارات و بەندەریجەبەل عەلی لە دوبەی  پێویست چۆڵبکرێن، چونکە لە ئامانجەکانی سوپای پاسداراندان.

ئەو لێپرسراوەی ئێران، بە ئاژانسی فارسی راگەیاندوە، ئەم هۆشدارییە بۆ پاراستنی هاووڵاتیان و دورکەوتنەوەیە لەو شوێنانە.

ئەم هەڕەشەی سوپای پاسداران  لە کاتێکدایە، چەند رۆژێکە ئەمریکا لە هێرشەکانیدا بۆسەر ئێران، پرد و تونێل و وێستگەی ئاوی خواردنەوەی کردوەتە ئامانج.