دەیان فڕۆکەی پڕکەرەوەی سوتەمەنی ئەمریکی لە بنکە سەربازییەکانی ئیسرائیل جێگیردەکرێن
محەمەد رزگار
١٨ی تەمووزی ٢٠٢٦
سوپای ئیسرائیل ئاشکرایدەکات، دەیان فڕۆکەی سەربازیی ئەمریکی کە تایبەتن بە تێکردنی سوتەمەنی لە ئاسماندا، لەبری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بن گۆریۆن لە بنکە ئاسمانییە سەربازییەکانی وڵاتەکەدا جێگیر دەکرێن.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دەیان فڕۆکەی سوتەمەنی پڕکەرەوەی ئەمریکی کە بۆ تێکردنی سوتەمەنی لە ئاسماندا رەوانە کراون، لە بنکە ئاسمانییە سەربازییەکانی ئیسرائیلدا جێگیر دەکرێن نەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بن گۆریۆن.
بەپێی ئاژانسەکانی هەواڵ، بڕیاری جێگیرکردنی ئەم فڕۆکانە لە بنکە سەربازییەکاندا بە ئامانجی کەمکردنەوەی کێشە و ئاستەنگەکانە لەبەردەم هێڵە ئاسمانییە مەدەنییەکاندا.
رۆژنامەی (تایمز ئۆف ئیسرائیل) ئاماژەی بەوەکردووە، پێشتر وەزارەتی گواستنەوەی ئیسرائیل ژمارەی فڕۆکەی پڕکەرەوەی سوتەمەنی لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن بە تەنیا 20 فڕۆکە دیاریکردبوو، تا رێگری بکات لە دروستبوونی پشێوی و دواکەوتنی گەشتە هاوینەییەکان.
ناردنی ئەم فڕۆکانە بۆ ناو بنکە سەربازییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ئیسرائیل ئەنجامدراوە، ئەمەش رێگەی بە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل داوە ئامادەکاریی پێشوەختە بکەن.
سوپای ئیسرائیل راشیگەیاندووە، مەبەست لەم هەنگاوە رەخساندنی زۆرترین دەرفەتە بۆ بڵاوەپێکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ئیسرائیلدا، بەبێ ئەوەی زیان بە کەرتی فڕۆکەوانیی مەدەنی وڵاتەکە بگات.



