راوێژكاری سەربازیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێران رایدەگەیەنێت، سیاسەتی شەڕ و دانوستان بەیەكەوە و لە یەك كاتدا كۆتایی هاتووە.

موحسین رەزایی، راوێژكاری سەربازیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان و فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند: بەشێوەیەكی گشتیی هیچ لێكەتێگەیشتنێك لە نێوان ئێران و ئەمریكا نەماوە، تەنها ناوێك ماوەتەوە لەسەر كاغەز، ترەمپیش ئەو خاڵانەی پێشێلكردووە كە بۆ جێبەجێكردنی یاداشتەكە دیاریكرابوون.

وتیشی: یەكێك لەسەر پێچییەكان كێشەی لوبنان بوو كە سوپای ئیسرائیل لەو وڵاتە نەكشایەوە و ئەمریكاش رێڕەوێكی لە گەروی هورمز دروستكرد بۆ تێپەڕاندنی چەند كەشتییەك، كە بەپێی رێككەوتنەكە دەبێت ئێران گەروی هورمز بەڕێوەببات، یەكێكی تر لە پێشێلكارییەكان هێرشی ئەمریكابوو بۆسەر كەناراوەكانی ئێران و فڕۆكەخانەی بەندەر عەباس و دورگەی قشم.

لەبارەی ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی ئێرانیش موحسین رەزایی وتی: بۆ ماوەی سێ‌ هەفتە لەسەر پێدانی 12 ملیار دۆلار دانوستانكرا، بەڵام چەند مەرجێك دانرا بۆئەوەی پارەكە نەدەنەوە بە ئێران و دەیان ویست ئێران ناچار بكەن داواكارییەكانیان قبوڵ بكات، ئەوەش بووە بەهۆی شكستی دانوستانەكان.