ئەمریکا هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی لە گەشتکردن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداوی عەرەبی
سەوسەن سەید
١٨ی تەمووزی ٢٠٢٦
باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆشدارییان دا لە گەشتکردن بۆ ناوچەی کەنداوی عەرەبی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و داوایان کرد کە خۆ لە گەشتکردن بۆ لوبنان و عیراق بەدوور بگرن، هەروەها پێداچوونەوەش بە بڕیاری سەردانیکردنیاندا بۆ عەرەبستانی سعوودی و بەحرەین بکەن.
باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە هەر یەک لە وڵاتانی لوبنان، عێراق، بەحرەین و شانشینی عەرەبستانی سعوودی هۆشداری ئەمنیی هاوشێوەیان دەرکردووە و ئاماژەیان بەوە کردووە کە دۆخی ئەمنیی ناوچەکە بە ئاڵۆزی ماوەتەوە لەگەڵ ئەگەری ڕوودانی پەرەسەندنی چاوەڕواننەکراو. هاوکات ڕێنوێنی هاووڵاتیانی ئەمریکییان کردووە کە بەرزترین ئاستی وریایی بگرنە بەر، بەدواداچوون بۆ هەواڵە خۆجێییەکان بکەن و خشتەی گەشتە ئاسمانییەکانیان پشتڕاست بکەنەوە، لەگەڵ ئاگادارکردنەوەیان لە ئەگەری دروستبوونی پەککەوتن لە گەشتەکان یان داخرانی کایەی ئاسمانی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، و پێویستی پەنابردن بۆ حەشارگەکان لە ئەگەری ڕوودانی هەر هێرشێکدا.
لەم هۆشدارییانەدا بە توندی جەخت لەسەر "نەکردنی گەشت" بۆ لوبنان و عێراق کراوەتەوە، لە کاتێکدا داوا کراوە "پێداچوونەوە" بە بڕیاری گەشتکردندا بۆ بەحرەین و عەرەبستانی سعوودی بکرێت.
لە فراوانترین ئاستیشیدا، هۆشدارییەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ١٥ شوێنی گرتووەتەوە کە ئەمانەن: بەحرەین، لوبنان، میسر، عومان، ئێران، قەتەر، عێراق، شانشینی عەرەبستانی سعوودی، ئیسرائیل، کەناری ڕۆژاوا و کەرتی غەززە، سووریا، ئوردن، دەوڵەتی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو، کوێت و یەمەن.



