ئێران وڵاتانی سعودیە و كوەیت و ئوردن و بەحرەینی كردە ئامانج
هادی
١٨ی تەمووزی ٢٠٢٦
ئێران هێرشەكانی بۆسەر وڵاتانی كەنداو چڕكردوەتەوە، شاری خەرج لە سعودیە و بەحرەین و كوەیت ئوردنی كردوەتە ئامانج.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئێران لە چوارچێوەی هێرشەكانیدا بۆسەر بنكەكانی ئەمریكا لە وڵاتانی كەنداو هێرشیكردە سەر ئوردن و شاری خەرج لە سعودیە، بنكەی عەلی سالم لە كوەیت و بنكەی سەربازی شێخ عیسا لە بەحرەین.
سوپای ئوردنیش بڵاویكردەوە، بەرگری ئاسمانی وڵاتەكەی 10 موشەكی ئێرانییان خستەخوارەوە.
لەلایەكی ترەوە، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، ئەمریكا جارێكی تر لە ناوەڕاستی دانوستانەكاندا هێرشەكانی بۆسەر ئێران دەستپێكردوەتەوە، بەڵام ئەو هێرشانە، بێ وەڵام نامێنێتەوە.
راشیگەیاندوە، ئەو وڵاتانەی خاكی خۆیان خستوەتە بەردەست ئەمریكا بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، دەبێت ئامادەی وڵامدانەوەی توندبن، هەموو ئەو وڵاتانە دەكەنە ئامانج.
هەروەها هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاندوە، چوار كەشتی بە پشتیوانی ئەمریكا هەوڵیانداوە گەروی هورمز تێبپەڕێنن، بەڵام لە ئۆپراسیۆنێكدا رێگە لە تیپەڕبوونی ئەو كەشتیانە گیراوە.



