عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ هەینی، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی کەمپینێکی بەرفراوان بۆ کاریگەری خستنە سەر ئیدارەی ئەمریکا و پاڵپێوەنانی بەرەو شەڕێکی بژاردەیی کە هیچ سەرکەوتنێکی تێدا بەدەست نایەت.

عراقچی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: ئەمریکییەکان هۆشداری لە هەژموونی بیانی دەدەن، بەڵام ئەی کەمپینی بەرفراوانی سئیسرائیلیەکان چییە بۆ فریودانی ئیدارەی ئەمریکا و پەلکێشکردنی بۆ ناو شەڕێکی بژاردەیی کە ناتوانرێت تێیدا سەرکەوتن بەدەست بهێنرێت؟

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئیسرائیل پاره‌ی باجدەرانی ئەمریکی بەکاردەهێنێت بۆ بێدەنگکردنی هەر رەخنەگرێکی ئەمریکی، و جەختیشی کردەوە کە بەم زووانە هەموو شتێک ئاشکرا دەبێت.

هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانەدا، دەستەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی رەسمی ئێران بڵاویکردەوە کە لە ماوەی شەوی رابردوودا چەندین هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر پردەکانی ناوخۆ و دەوروبەری شاری "بەندەر عەباس"، ئەمەش بووەتە هۆی داخرانی رێگا سەرەکی و خێراکان کە ئەو شارە بە پارێزگاکانی ترەوە دەبەستنەوە.