میدیای ئیسرائیل: ئەمریکا پلانی زنجیرەیەک هێرشی نوێی لە قوڵایی ئێراندا ئامادەکردووە
دیلان
١٧ی تەمووزی ٢٠٢٦
تەلئەبیب پێشبینی دەکات لە ماوەی هەفتەی داهاتوودا، پێکدادانی سەربازیی نێوان ئەمریکا و ئێران زیاتر بێت، هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایدەکەن، واشنتۆن سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانی زنجیرەیەک هێرشی نوێی لە ناوخۆی ئێران دەکات، کە پێدەچێت وێستگەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی وزەی کارەبا بگرێتەوە.
بەپێی راپۆرتێکی کەناڵی 12ـی ئیسرائیل، لە کۆبوونەوە ئەمنیی و سیاسییەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەدا، هەڵسەنگاندنەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەهۆی بەردەوامیی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی ئێران، ئاستی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران بەرەو فراوانبوونی زیاتر هەنگاو دەنێت.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمریکا دەیەوێت لە رێگەی بەئامانجگرتنی کەرتی کارەباوە، دەست بخاتە سەر خاڵی لاوازی ژێرخانی ئابوریی ئێران، کە ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ لێدوانەکانی پێشووی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
لای خۆشییەوە، لێپرسراوێکی باڵای ئیسرائیل رایگەیاندووە: "خۆمان بۆ ئەگەری ئاڵۆزبوونی زیاتری رەوشەکە و هەموو سیناریۆیەکی چاوەڕوانکراو ئامادە کردووە، کە رەنگە کاردانەوەی بۆ سەر ئیسرائیل هەبێت."
جێی ئاماژەیە ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجە جیاوازەکانی ناو خاکی ئێران بۆ شەشەم شەوی لەسەریەک بەردەوامە، واشنتۆنیش جەخت دەکاتەوە کە ئامانجی لەم هێرشانە تێکشکاندنی توانای سەربازیی ئێرانە، هاوکات هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش بۆ رێگریکردن لە ئاڵۆزبوونی سەرتاسەریی رەوشی ناوچەکە بەردەوامییان هەیە.



