ئەمریكا بۆ شەشەم شەو لەسەر یەك هێرشیكردە سەر چەند ناوچەیەكی ئێران
کەژان
١٧ی تەمووزی ٢٠٢٦
وێنە؛ ئەرشیف
ئەمریكا زنجیرەیەك هێرشیكردەسەر ئێران و بەهۆیانەوە حەوت كەس كوژران و نۆی تریش برینداربوون، سوپای پاسدارانیش هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەكی بەهێز دەكات.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا 'سێنتكۆم' رایگەیاند، هێرشەكانی بۆسەر ئێران بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا چەندین پێگەی سەربازیی ئەو وڵاتەیان لەناوبردووە و بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاش، بە بەكارهێنانی فڕۆكەی جەنگیی و درۆن هێرشیان كردووەتەسەر پرد و هێڵی ئاسن لە ئێران، كە ئەوەش دەبێتە شەشەم شەوی لەسەریەك هێرش دەكەنە سەر ئەو وڵاتە.
بەپێی راپۆرتی میدیاكانی ئێرانیش، هێرشەكانی ئەمریكا پێنج پردیان لە باشوری ئەو وڵاتە كردووەتە ئامانج و دەنگی سێ تەقینەوەش لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی ئیرانشەهر لە باشوری رۆژهەڵاتی ئێران بیستراون، وێستگەی هێڵی ئاسنی بەندەر عەباسیش هێرشیكراوەتەسەر، بەهۆی ئەو هێرشانەوە حەوت كەس كوژراون و نۆ كەسی تریش برینداربوون.
سوپای پاسدارانی ئیران لە راگەیەندراوێكدا هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەكی بەهێزی لە ئەمریكا كردووە و چەند پێگەیەكی ئەو ئەمریكاشی لە وڵاتانی ناوچەكە كردە ئامانج و دەنگی تەقینەوەش لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بیستراوە و بەهۆیەوە منداڵێك برینداربووە، هەردوو بەرگری ئاسمانیی كوەیت و بەحرەینیش بەرپەچدانەی چەندین هێرشی ئێرانیان لە ئاسمانی وڵاتەكانیان راگەیاند، سیستمی بەرگری ئاسمانیی ئوردنیش سێ درۆنی ئێرانی خستەخوارەوە.



