حەماس لە سوریا هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێ دەدات
ساکۆ سمکۆ
١٦ی تەمووزی ٢٠٢٦
جووڵەکانی حەماس دەستیان پێکردووەتەوە و بزووتنەوەکە هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێی سوریا دەدات.
کەناڵی 24ـی ئیسرائیلی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە جوڵەکانی بزووتنەوەی حەماس لە ناوخۆی سوریا لەڕێگەی سەردانی چالاکوانانی چەند وڵاتێکەوە دەستیان پێکردووەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ دەسەڵاتی ئێستای سوریادا.
کەناڵەکە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ئەوەشی روونکردووەتەوە، دەسەڵاتی نوێی سوریا رێگری لە چالاکوانانی حەماس نەکردووە بۆ چوونە ناو خاکەکەی و مانەوەیان بۆ ماوەیەکی نادیار، هەندێک لەو چالاکوانانە سەردانی کەمپە فەلەستینییەکانی باشوری دیمەشق و ناوچەکانی تریان کردووە.
لە نێو ئەو چالاکوانانەدا کەسانێک هەن کە پێشتر لە سوریا ژیاون و لە کاتی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان و هێرشی رژێمی پێشوو بۆ سەر کەمپەکان و دەستگیرکردنی ئەندامانی حەماس و لایەنە نەیارەکانی رژێمی پێشوو، ئەو وڵاتەیان جێهێشتبوو.
بەپێی سەرچاوەکان، هەندێک لەو چالاکوانانە لە لوبنان، تورکیا و قەتەرەوە هاتوون، هەندێکی تریشیان دانیشتووی کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوان و لە بارەگا و دامەزراوە جیاوازەکانی حەماس کار دەکەن.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە هەندێکیان لە چوارچێوەی ئەرکی فەرمیدا چوون بۆ بینینی ئەو چالاکوانانەی حەماس کە سەرەڕای راونانیان لەلایەن ڕژێمی پێشوو، هەر لە سووریا مابوونەوە؛ بەڵام ڕاپۆرتەکە ڕوونی نەکردووەتەوە ئایا ئەم چاوپێکەوتنانە بە ئاگاداریی فەرمیی دەسەڵاتی نوێی سوریا بووە یان نا.
هەمان سەرچاوە دەڵێن چالاکوانانی حەماس لە سووریا ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و فشار نەبوونەتەوە لەلایەن دەسەڵاتی نوێوە، بە پێچەوانەی گروپەکانی وەک جیهادی ئیسلامی و بەرەی جەماوەری - سەرکردایەتی گشتی و لایەنەکانی دیکە.
بەپێی راپۆرتی کەناڵە ئیسرائیلییەکە، سەرچاوەکان جەختیان کردووەتەوە کە نامە لە نێوان سەرکردایەتی حەماس و دەسەڵاتی سووریادا ئاڵوگۆڕ کراوە و بزووتنەوەکە دەیەوێت پەیوەندییەکی بەرفراوان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێدا دروست بکات، بە مەرجێک پەیوەندییەکە لەسەر بنەمای رێزی دوولایەنە بێت نەک پەیوەندییەکی ئەمنی وەک ئەوەی لەگەڵ رژێمی پێشوو هەبوو.
هەروەها راپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە لە کاتێکدا دەسەڵاتی فەڵەستینی هەوڵدەدات پەیوەندیی باشی لەگەڵ دەسەڵاتی ئێستای سوریا هەبێت، حەماسیش لە لایەن خۆیەوە هەوڵ دەدات کێبڕکێ لەگەڵ فەتح و دەسەڵاتی فەلەستینی بکات بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر کەمپەکانی پەنابەران لە سوریا.
لە لایەکی ترەوە، دەسەڵاتی نوێی سوریا رێکارەکانی دژی ئەو لایەنانە توندتر کردووەتەوە کە لایەنگری رژێمی پێشوو بوون، بە تایبەت جیهادی ئیسلامی.
سەرچاوەکان دەڵێن بەهۆی ئەو فشارانەوە، ئەندامانی جیهادی ئیسلامی ناچار بوون بە شێوەی نایاسایی سوریا بەرەو تورکیا و وڵاتانی تر جێبهێڵن.
ئەو کەسانەی سوریایان جێهێشتووە ئەندامانی جیهادی ئیسلامی بوون کە خەڵکی غەزەن و بۆ ئەرکی جیاواز لە سوریا بوون و پێش دەستپێکردنی شەڕی غەززە لەوێ مابوونەوە.



