عەبدولمەلیک حوسی: هاوکێشەی ئێمە فڕۆکەخانەی سەنعا لە بەرامبەر فڕۆکەخانەی ریاز دەبێت
ساکۆ سمکۆ
١٦ی تەمووزی ٢٠٢٦
عەبدولمەلیک حوسی، رێبەری بزووتنەوەی ئەنساروڵای یەمەن رایگەیاند، هیچ لایەن و کەسێک مافی ئەوەی نییە گەلی یەمەن لە مافە نەوتییەکانی و ئازادیی هاتوچۆ بێبەش بکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، سعودیە لە لوتکەی روبەڕووبوونەوەکانیاندا لەگەڵ دوژمن، گەمارۆکانی سەر یەمەنی توندتر کردووەتەوە.
رێبەری حوسییەکان، سعودیەی تۆمەتبار کرد بەوەی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا یاریی بە کات کردووە و گەلی یەمەنی لە سامانە نیشتمانییەکانی بێبەش کردووە، هەروەها جەختی کردەوە کە سعودیە لە هەموو قۆناغەکانی رابردوودا لە دژی یەمەن هاوکاری ئیسرائیلی کردووە.
حوسی وتیشی، سعودیە هەوڵدەدات کۆنتڕۆڵی تەواوی کاروباری گەلی یەمەن بکات، تەنانەت لە پرسی چوونە دەرەوەی نەخۆشەکان بۆ چارەسەر، بەو هۆیەوە فڕۆکەخانەی سەنعای بۆردومان کردووە بۆ ئەوەی رێگری لە هەڵگرتنی گەمارۆکان بکات.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، عەبدولمەلیک حوسی هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی سعودیە کرد و رایگەیاند، هاوکێشەی راستەقینەی ئەوان "فڕۆکەخانەی سەنعا لە بەرانبەر فڕۆکەخانەی ریاز" دەبێت.



