رۆیتەرز: ئێران داوای لە حوسییەکان کردووە لە ئەگەری لێدانی کێڵگە نەوتییەکانیدا باب المندب دابخەن
سەوسەن سەید
١٦ی تەمووزی ٢٠٢٦
سێ سەرچاوەی ئاگادار، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاشکرایان کرد کە ئێران داوای لە گرووپی حوسییەکانی یەمەن کردووە ئامادەکاری بکەن بۆ داخستنی گەروی "باب المندب" لە دەریای سور، ئەگەر بێتو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ژێرخانی وزە لە ناوخۆی ئێراندا.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی باڵای ئێرانی و سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکە کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت گواستووەتەوە کە ئەم پێشنیارە لە نێو سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا تاوتوێ کراوە و بە رەسمی بە حوسییەکان راگەیەندراوە کە لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بن بۆ جێبەجێکردنی، ئەگەر گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن زیاتر پەرەی سەند.
بەپێی وتەی سەرچاوەکان، داخستنی گەروی باب المندب، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکانی جیهان، دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە و جیددی لەسەر دابینکردنی وزە و تەواوی جووڵەی بازرگانیی نێودەوڵەتی ئەگەر بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.



