فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، دەستپێکردنی شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر چەندین ئامانج لە ئێران راگەیاند، تەندروستیی ئێرانیش ئاشکرایکرد، لە هێرشە نوێیەکانی ئەمریکادا، زیاتر لە 260 هاووڵاتی برینداربوون.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 'سێنتکۆم' لە راگەیەندراوێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی 'ئێکس' رایگەیاند: ئامانج لەم هێرشانە بەردەوامبوونی لاوازکردنی ئەو توانایە سەربازییانەیە کە هێزەکانی ئێران بەکاریدەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمز.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەیان ئامانجی سەربازییان لە نزیک گەروی هورمز و ناوچە کەناراوەکانی ئێران پێکاوە.

هاوکات، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێرانیش رایگەیاند، لە هێرشە نوێیەکانی ئەمریکادا، زیاتر لە 260 کەس بریندار بوون، کە ئەمەش بە بەرزترین ئاماری برینداربوون دادەنرێت لە سەرەتای دەستپێکردنی گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵات.

جێی ئاماژەیە، ئەم پەرەسەندنە سەربازییە دوای لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت، کە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" رایگەیاندبوو، ئەگەر تاران نەگاتە رێککەوتن، هەفتەی داهاتوو مەودای هێرشەکانی ئەمریکا فراوانتر دەکات بۆ سەر ئێران.

سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاندبوو، "هەفتەی داهاتوو زۆر خراپ دەبێت بۆ ئیران، چونکە وێستگەکانی وزە و پردەکان دەکرێنە ئامانج."