محەمەد خالید حەنەفی، وەزیری فەرمان بە چاکە و نەهی لە خراپە لە حکومەتی تاڵیبان، رەخنە نێودەوڵەتییەکانی دژ بە توندکردنی یاساکانی پۆشینی جلوبەرگی ژنان لە شاری هیرات رەتکردەوە و رایگەیاند: ئەم رێوشوێنانە بۆ "پاراستنی کەرامەتە" و پێچەوانەی پروپاگەندەی میدیاکان، ئەمانە رێسای تاڵیبان نین بەڵکو "فەرمانی خودان".

ئەم لێدوانانەی وەزیری تاڵیبان لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی رابردووەوە، پۆلیسی ئادابی ئەو وڵاتە کەمپینێکی توندی بۆ دەستبەسەرکردنی ئەو ژنانە دەستپێکردووە کە پابەندی پۆشینی باڵای تەواو (حیجاب و نیقاب) نین، ئەمەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەناو ژناندا دروستکردووە.

بەپێی راپۆرتەکان، ئەم بڕیارە نوێیانە کاریگەریی نەرێنی راستەوخۆیان لەسەر ژیانی رۆژانە و کەرتی ئابووری هیرات جێهێشتووە، خاوەن دوکان و شۆفێران دەڵێن بازاڕ بە تەواوی کز بووە، چونکە زۆربەی ژنان لە ترسی دەستبەسەرکردنیان لەلایەن پۆلیسی ئادابەوە، مانەوەیان لە ماڵەوە هەڵبژاردووە و تەنها بۆ کاری زۆر پێویست نەیەنە دەرەوە.