واشنتۆن پۆست هێزە دەریاییە زەبەلاحەکەی ئەمریکای بۆ گەمارۆدانی ئێران ئاشکراکرد
محەمەد رزگار
١٤ی تەمووزی ٢٠٢٦
بە 19 کەشتیی جەنگیی، ئەمریکا ئامادەکارییەکانی بۆ سەپاندنەوەی گەمارۆیەکی دەریایی توند بەسەر ئێراندا دەکات و لە ئێوارەی ئەمڕۆوە سەرجەم ئەو کەشتییە بازرگانییانە دەکاتە ئامانج کە مامەڵە لەگەڵ بەندەرەکانی تاراندا دەکەن.
لێپرسراوێکی ئەمریکی بە رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی راگەیاندووە، واشنتۆن لە ئێستادا 19 کەشتیی جەنگیی زەبەلاحی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر کردووە. ئەم هەنگاوە هێزێکی ئاگرینی بێپێشینە بە ئەمریکا دەبەخشێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو گەمارۆ دەریاییەی کە بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی.
رۆژنامەکە ئاشکرایکردووە، ئەو هێزە دەریاییەی ئەمریکا کە لە ناوچەکە جێگریرکراون بریتین لە، دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگری گەورە بە ناوەکانی "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن" و "یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیو بوش"، لەگەڵ 13 کەشتی هێرشبەر و تێکشکێنەر و چەند کەشتییەکی دیکە.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەکە، گەمارۆ نوێیەکەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە سەعات ٤ی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە (بە کاتی ئەمریکا) دەستپێدەکاتەوە، کە تێیدا سەرجەم ئەو کەشتییە بازرگانییانە دەکرێنە ئامانج کە روو لە بەندەرەکانی ئێران دەکەن یان لێیانەوە دەردەچن.
لە ماوەی گەمارۆدانی پێشوودا، هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا رێگرییان لە زیاتر لە 140 کەشتیی بازرگانی کردووە یان ناچاریان کردوون بگەڕێنەوە، تەنانەت تەقە لە ژووری بزوێنەری نۆ کەشتی کراوە بۆ پەکخستنیان، دوای ئەوەی رەتیانکردووەتەوە فەرمانەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکەن.



