بڕیارە سبەینێ‌ وەفدی ئیمراڵی - دەم پارتی سەبارەت بە ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی لەگەڵ نوعمان كورتولموش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا و ئەفكان ئاڵا، جێگری سەرۆكی گشتی ئاكەپە، كۆببێتەوە.

دەم پارتی رایگەیاند، کۆبوونەوەکە بە مەبەستی تاوتوێكردنی رەشنووسی یاسای چوارچێوە و گفتوگۆ و راگۆڕینەوە دەبێت.

لێپرسراوانی دەم پارتی دەڵێن، نابێت یاسای چوارچێوە پۆلێنبەندی نێوان ئەندامانی رێكخستندا بكات، بەڵكو دەبێت بەو شێوەیە بێت لە كۆبوونەوەی 24ی ئایاری رابردوو لەگەڵ ئۆجەلان گفتوگۆری لەسەركراوە.

هەروەها چاوەڕوان دەكرێت دوای ئەو كۆبونەوەیە، وەفدی ئیمراڵی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی"پەكەكە"بكات، بۆ وەرگرتنی بۆچونەكانی لەسەر رەشنووسی یاسای چوارچێوە.