سوپای پاسداران: چەندین بنکەی سەربازیی ئەمریکامان لە سێ وڵاتی عەرەبی بۆردومان کرد
محەمەد رزگار
١٣ی تەمووزی ٢٠٢٦
سوپای پاسدارانی ئێران رایدەگەیەنێت، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکادا، لە رێگەی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە چەندین بنکە و پێگەی سەربازیی واشنتۆنیان لە بەحرەین، کوەیت و ئوردن کردووەتە ئامانج.
سوپای پاسدارانی ئێران، ئەمڕۆ دووشەممە، قۆناغێکی نوێی گرژبوونەوەی سەربازیی لەگەڵ واشنتۆن راگەیاند و ئاشکرایکرد، چەندین هێرشی نوێیان کردووەتەسەر بنکە و پێگە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ولاتانی بەحرەین، کوەیت و ئوردن، ئەمەش تەنها چەند سەعاتێک دوای ئەوەی واشنتۆن کۆتاییهاتنی شەپۆلێکی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران راگەیاند.
ئاژانسی هەواڵی رەسمی ئێران (ئیرنا) لە زاری سوپای پاسدارانەوە بڵاویکردەوە، هێرشەکان پێگەی ئاسمانیی "ئەمیر حەسەن" لە ئوردن، ناوەندێکی فەرماندەیی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لە بەحرەین و بنکەی ئاسمانیی "عەلی سالم"یان لە کوەیت کردووەتە ئامانج.
میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکانیان، بنکەی ئاسمانیی "شێخ عیسا"یان لە بەحرەین پێکاوە، هەروەها جەختیان کردووەتەوە کە هێرشەکەی سەر بنکەی "ئەمیر حەسەن" لە ئوردن لە رێگەی موشەک و درۆنەوە بووە و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە کۆگاکانی سوتەمەنی و تەقەمەنی سوپای ئەمریکا.
سوپای پاسداران ئەوەشی خستەڕوو، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێکە بۆ بۆردومانەکانی ئەمریکا کە کەناراوەکانی ئێرانیان کردبووە ئامانج، راشیانگەیاند کە پرۆسە سەربازییەکانیان هێشتا بەردەوامن.
لەلایەکی دیکەوە و لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، هێزی دەریایی سوپای پاسداران ئاشکرایکرد، شەوی رابردوو دوو کەشتییان لە گەروی هورمز راگرتووە بەهۆی ئەوەی سیستمی چاودێرییان کوژاندووەتەوە و مەترسییان بۆ سەر ئاسایشی دەریاوانی دروستکردووە، بەڵام هیچ زانیارییەکیان لەسەر ناسنامە و ئاڵای کەشتییەکان ئاشکرا نەکردووە.



