ترەمپ: گورزی بەهێزمان لە ئێران داوە و گەروی هورمز بە کراوەیی دەمێنێتەوە
محەمەد رزگار
١٢ی تەمووزی ٢٠٢٦
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، هێزەکانیان گورزی توندیان لە ئێران داوە و گەروی هورمزیش بە کراوەیی ماوەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی شەوی رابردوو "گورزی زۆر توند و بەهێزیان" لە ئێران داوە، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی تاران کردیانە سەر چەند کەشتییەک لە گەروی هورمزدا.
سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی (NBC) ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای ئەوەی تاران پێشتر داخرانی گەروی هورمزی راگەیاندبوو، بەڵام لە ئێستادا ئەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە بە کراوەیی بە رووی هاتوچۆی دەریاییدا ماوەتەوە.
ترەمپ پەردەی لەسەر زانیارییەکی نوێ لادا و ئەوەی خستەڕوو، "رۆژی شەممە واشنتۆن و تاران لە لێواری گەیشتن بە رێککەوتنێک بوون و ئێرانییەکان ئامادەبوون دەستبەرداری هەموو شتێک ببن، بەڵام لەپڕێکدا و دوای دوو سەعات لەو کەشە، هێرشیان کردە سەر کەشتییەکان."
هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' جەختیکردەوە، هێزەکانیان لە تەواوی ئامادەباشیدان بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی گەشتە دەریاییەکان، و راشیانگەیاند، ئێران هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەر گەروی هورمزدا نییە و جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان بە شێوەیەکی سروشتی بەردەوامە.
ئەم گرژییە قورسە دوای ئەوە دێت کە ئێران رایگەیاندبوو، رێگە بە چوونەژوورەوەی هیچ کەشتییەک نادات بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەختە لە تاران.


