ئەنجومەنی گەلی سوریا، ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکەمین دانیشتنی کرانەوەی خۆی بە ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع ئەنجامدا. ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی و دەستپێکی بنیاتنانەوەی دەسەڵاتی یاسادانان سەیر دەکرێت لە قۆناغی دوای روخانی رژێمی ئەسەد، کە پشت بە بنەماکانی "راگەیاندراوی دەستووریی 2025" دەبەستێت.

گرنگترین رێکارەکانی دوو دانیشتنی یەکەم

دانیشتنی یەکەم بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندام بەڕێوەچوو، تێیدا ئەندامان سوێندی دەستوورییان دەخۆن بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەتی یاسایی، دواتر پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەن، جێگرەکەی و ئەمیندارانی سەر بە دەنگدانی نهێنی ئەنجام دەدرێت.

لە دانیشتنی دووەمدا سەرۆکی نوێی ئەنجومەن داوا لە سەرۆک کۆمار دەکات ئامادەی دانیشتنی دووەم بێت بۆ پێشکەشکردنی وتارەکەی، هەروەها ئەنجومەن لە ماوەی مانگی یەکەمدا پەیڕەوی ناوخۆی خۆی دادەڕێژێت.

بەپێی دەستووری کاتی، تەمەنی ئەم ئەنجومەنە 30 مانگە (قابیلی درێژکردنەوەیە) تا ئەو کاتەی دەستووری هەمیشەیی پەسەند دەکرێت و هەڵبژاردنی نوێ دەکرێت.

ئەرکە سەرەکییەکانی ئەنجومەن بریتین لە پێشنیازکردن و پەسەندکردنی یاساکان، هەموارکردن یان هەڵوەشاندنەوەی یاسا کۆنەکان، پەسەندکردنی بودجەی گشتی و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، راگەیاندنی لێبووردنی گشتی، و لێپرسینەوە لە وەزیرەکان. هۆکارێکی تری گرنگی ئەم ئەنجومەنە پێکهێنانی لیژنەیەکە بۆ نووسینەوەی رەشنووسی دەستووری نوێی وڵات.

رێژەی نوێنەرایەتیی کورد لە ئەنجومەنەکەدا:

هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی کارەکانی ئەنجومەنەکە، پشکی پێکهاتەی کورد لە ئەنجومەنی گەلی سوریادا گەیشتە 12 ئەندام، کە دەکاتە رێژەی 5.7٪ی کۆی گشتیی ئەندامانی ئەنجومەنەکە.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە لیستی رەسمی ئەحمەد شەرع تایبەت بە دیاریکردنی (سێیەکی تەواوکەری ئەندامان) راگەیەندرا کە لە 70ئەندام پێکهاتووە.

ئەم پڕۆسەیە دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکان لە سەرجەم پارێزگاکان راگەیەندرا، جگە لە پارێزگای سوەیدا کە سێ کورسی بۆ تەرخانکراوە.

ئەندامە کوردەکان کە ژمارەیان ١٢ کەسە، بەسەر دوو پارێزگای سەرەکیدا دابەشبوون: پارێزگای حەلەب کە کورد 5 کورسی بەدەستهێناوە، کە نوێنەرایەتی شارەکانی (کۆبانی، عەفرین، و تەل عەران) دەکەن، وپارێزگای حەسەکە کە کورد 7 کورسی بەدەستهێناوە، کە نوێنەرایەتی شارەکانی (قامیشلۆ، دێریک، عامودا، و سەرێ کانی / ڕەسولعەین) دەکەن.