دژەتیرۆری دێرەزوور چەند لێپرسراوێكی ئەمنیی رژێمی پێشوی سوریای دەستگیركرد
سەعید
١٢ی تەمووزی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی دێرەزوور بڵاویكردەوە، بەڕێوەبەرایەتیی دژە تیرۆری سەر بە هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، چەند لێپرسراوێكی ئەمنیی سەر بە رژێمی پێشووی سوریایان لە پارێزگای دێرەزوور دەستگیركردووە.
روونیشیكردەوە، سەرەكیترینی ئەو لێپرسراوانە فازڵ نوێجی بووە كە لێپرسراوی لێكۆڵینەوە بووە لە ئاسایشی سیاسی و لە بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەی ئەلبوكەمال كاری كردووە و چەندین پۆستی تری ئەمنیشی هەبووە.
هاوكات، لێپرسراوی بەشی پڕچەككردن و گروپی نیشانەشكێنەكان و لێپرسراوی زیندانەكانی ئاسایشی دەوڵەتیش دەستگیركراون و لە ئێستاشدا لایەنە پەیوەندیدارەكان لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكەن بەتۆمەتی دەستگیركردنی هەڕەمەكی و پێشێلكردنی مافەكانی دەستبەسەركراوان.
بەڕێوەبەرایەتییەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، لێكۆڵینەوەكان هێشتا بەردەوامن، داواشی لە هەر كەسێك كردووە كە سكاڵای هەیە یان پێیوایە لەلایەن هەر یەكێك لەو كەسانەوە روبەڕووی پێشێلكاری بووەتەوە، سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەكان بكات.



