سوپای پاسداران: بنكەی ئاسمانیی عودەیدی ئەمریكامان لە قەتەر بە موشەكی بالیستی پێكا
سەعید
١٢ی تەمووزی ٢٠٢٦
سوپای پاسداران هێرشی كردە سەر بنكەی ئاسمانیی عودەیدی ئەمریكا لە قەتەر، سێنتكۆمیش دەڵێت، شەوی رابردوو 140 ئامانجیان لە ئێران پێكاوە.
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوەدا، بنكەی ئاسمانیی عودەیدی ئەمریكایان لە قەتەر بە موشەكی بالیستی كردووەتە ئامانج.
ئاماژە بەوەش كراوە، هێرشەكە لە وەڵامی بەردەوامیی هێرشەكانی سوپای ئەمریكا بووە بۆ سەر بنكە كەناراوییەكانی هێزە چەكدارەكانی ئێران و تیایدا ناوەندی چاككردنەوە و چاكسازیی فڕۆكە جەنگییەكان و ناوەندی فەرماندەیی و كۆنترۆڵی بنكەی عودەید تێكشكێنراون.
لە بەرانبەردا فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا_ سێنتكۆم رایگەیاند، هێزەكانی ئەمریكا لە ماوەی هەفتەیەكدا سێیەمین خولی هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران تەواوكردووە و رۆژی شەممەش نزیكەی 140 ئامانجی سەربازی ئێرانیان پێكاوە.
سێنتكۆم ئاماژەی بەوەش كردووە، ئامانجەكان بریتی بوون لە شوێنەكانی مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئێران، دامەزراوە دەریاییەكان، كۆگاكانی تەقەمەنی، تۆڕەكانی پەیوەندییەكان و بنكەی چاودێری كەناراوەكان.
سوپای ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، لە كاتی هێرشەكانی سێ شەوی ڕابردووش، هێزەكانی ئەمریكا زیاتر لە 300 ئامانجیان لە ئێران پێكاوە.



