کەناڵی ئەی بی سی نیوز هەڕەشەکانی ئەمریکا دژی ئیران لە ئەگەری رێکنەکەوتن ئاشکرادەکات
دیلان
١١ی تەمووزی ٢٠٢٦
بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، واشنتن داوا دەکات سەرجەم رێڕەوەکانی گەروی هورمز بە کراوەیی بمێننەوە و هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان بە تەواوی رابگیرێن، بەپێچەوانەوە دەرئەنجامەکان باش نابن.
کەناڵی 'ئەی بی سی نیوز' لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، واشنتن چاوەڕوان دەکات، تاران پابەندبوونی خۆی بە کراوەیی گەروی هورمز رابگەیەنێت، ئەو بەرپرسانە هۆشدارییان داوە کە ئەگەر ئێران گەرەنتی روونی پێشوەختە نەدات، دەرئەنجامەکان باش نابن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، کە پێشتر هەردوولا دوو گەڕی دانوستانیان لە سویسرا و قەتەر ئەنجامدابوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" رایگەیاند: "ئێران داوای بەردەوامیی گفتوگۆکانی کردووە و ئێمەش رەزامەند بووین، بەڵام بە روونی پێمان راگەیاندوون کە کاتی نەرمیوان نواندن کۆتایی هاتووە".
ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە ئەمریکا هێرشیکردووەتەسەر چەندین پێگەی ئێران، هەروەها سەرۆکی ئەمریکا، تارانی تۆمەتبار کرد بەوەی پلانی بۆ تیرۆرکردنی داڕشتووە و هۆشداریی دا: "1000 موشەک ئامادەی ئاڕاستەکردنن بەرەو ئێران؛ ئەگەر تاران هەوڵی زیان گەیاندن بە من بدات.
لە لایەکی دیکەوە، میدیاکانی ئەمریکا لەوانەش "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" و "ئەکسیۆس" ئاشکرایان کردووە کە دەزگا هەواڵگرییەکان زانیاری وردیان داوەتە واشنتن سەبارەت بە پلانی ئێران بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ. بەپێی سەرچاوەکان، واشنتن مۆڵەتی داوەتە تاران بۆ ئەوەی بە رەسمی بەڵێنی راگرتنی هێرشەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمز بدات.



