رۆژنامەیەک: ئیسرائیل پلانێکی بەرفراوان بۆ بۆردومانکردنی کەرتی نەوت و وزەی ئێران ئامادە دەکات
محەمەد رزگار
١١ی تەمووزی ٢٠٢٦
رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی ئاشکرایدەکات، سوپای ئیسرائیل تەواوی ئامادەکارییەکانی بۆ وەشاندنی گورزێکی سەربازیی بەهێز بۆ سەر ژێرخانی ئابوری و نەوتیی ئێران کۆتایی پێهێناوە، لە کاتێکدا بنیامین ناتانیاهۆ دەیەوێت لە ئێستادا وڵاتەکەی نەگلێنێتە ناو گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران.
رۆژنامەی "مەعاریف"ـی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنیی باڵاوە بڵاویکردەوە؛ سوپای ئیسرائیل پلانە هێرشبەرییەکانی بۆ سەر ئێران تەواو کردووە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگێکی بەرفراوان یان لە حاڵەتی رووبەڕووبوونەوەی هێرشێکی کتوپڕ لەلایەن تارانەوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، مانەوەی هەزاران سەرباز و هێزێکی ئاسمانی گەورەی ئەمریکا لە ناو ئیسرائیلدا، فاکتەرێکی سەرەکی دەبێت لە هەر سیناریۆیەکی گرژبوونەوەی رەوشەکە.
بەپێی راپۆرتی ڕۆژنامەکە، لیستی ئامانجە دەستنیشانکراوەکانی ئیسرائیل پێکهاتوون لە دامەزراوە کەرتی نەوت و غازی ئێران (لە نێویاندا دورگەی خارک)، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، کۆمەڵگە پیشەسازییەکان و تۆڕەکانی گواستنەوە، ئەمەش بە ئامانجی لێدانی کوشندە لە ئابوریی ئێران.
ئەو سەرچاوە ئەمنییە دەڵێت: "ئەم ئامانجانە لە خولەکانی پێشوی جەنگدا بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا نەکرابوونە ئامانج، بەڵام پێدەچێت ئەمجارە بژاردەی ترمان نەبێت، چونکە ئێران تەنها لە زمانی هێز تێدەگات".
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کۆتاییهاتنی رەسمی ئاگربەستی نێوان واشنتۆن و تارانی راگەیاندووە، لە بەرانبەردا، محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی لەسەر بەردەوامیی رووبەڕووبوونەوە و خۆ بەدەستەوەنەدان کردووەتەوە.
هاوکات شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان کە وڵاتەکەی نێوەندگیری سەرەکی بوو، داوای لە ئێران کردووە دەستکەوتەکانی ئەو ئاشتییە بپارێزێت کە بە زەحمەت بەدەست هاتوون.
شایەنی باسە تاران و واشنتۆن لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی رابردوودا، بە نێوەندگیریی ئیسلام ئاباد یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ئیمزا کردبوو، کە مۆڵەتی 60 رۆژی دیاریکردبوو بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، بەڵام پێشهاتەکانی ئەم دواییە پرۆسەکەیان بەرەو هەڵوەشانەوە برد.



