وەزارەتی تەندروستیی ئێران ئاماری رەسمی زیانە مرۆییەکانی هێرشە ئاسمانی و موشەکییەکانی ئەمدواییەی ئەمریکای بۆ سەر شەش شاری وڵاتەکە ئاشکراکرد.

وەزارەتی تەندروستیی ئێران بڵاویکردەوە؛ بەهۆی هێرشە ئاسمانی و موشەکییەکانی رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی رابردووی ئەمریکا بۆ سەر شەش شاری جیاوازی ئێران، 17 کەس گیانیان لەدەستداوە کە ژنێک لەنێویاندایە، هاوکا‌ت 115 کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا 14 نەشتەرگەری بۆ بریندارەکان کراوە و 102 کەسیان دوای چاکبوونەوەیان نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

ئەم هێرشانەی واشنتن وەک وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ بەئامانجگرتنی چەند کەشتییەکان لەلایەن ئێرانەوە لە گەروی هورموز لە رۆژی سێشەممەی رابردوودا.

لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کۆتاییهاتنی راگرتنی شەڕ و ئاگربەستی لەگەڵ ئێران راگەیاند و وتی: "بەبڕوای من ئاگربەستەکە کۆتایی هاتووە، مەمەڵەکردن لەگەڵ ئەواندا تەنها کات بەفیڕۆدانە".

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، نوێنەرانی ئەمریکا دەتوانن بەردەوام بن لە گفتوگۆکان، بەڵام گومانی خۆی لە بەدەستهێنانی هەر ئەنجامێک لەو دانوستانانە نیشاندا.