تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن بە پشتبەستن بە وێنە نوێیەکانی مانگە دەستکردەکان ئاشکرای کردوە، ئێران دەستی کردووە بە چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوە لە چەندین پێگەی ئەتۆمی و موشەکی خۆیدا، کە لە مانگەکانی رابردوودا روبەڕووی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل ببوونەوە.

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لە راپۆرتێکدا بە وردی ئەوەی خستوەتەڕوو، کە ئێران سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی شوێنی پێگەی ئەتۆمی و موشەکییەکانیەتی.

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەم هەنگاوەی تاران گومان و پرسیاری جیددی لەسەر پابەندبوونی بەو یاداشتی لێکتێگەیشتنە دروستکردووە، کە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردوودا لەگەڵ ئەمریکا  ئیمزای کردبوو، کە تێیدا جەخت لەسەر پەرەنەدان بە چەکی ئەتۆمی و پاراستنی رەوشی ئێستای بەرنامە ئەتۆمییەکە کرابووەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، وێنە سەتەلایتییەکان ئاماژە بە چالاکییەکی بەرچاو دەکەن لە پێگەی (پارچین) کە گومان دەکرێت مادەی تەقەمەنی پەیوەندیدار بە بەرنامەی چەکی ئەتۆمی تێدابێت.

لە وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە، دەرکەوتووە کە دوای هێرشەکان، ئێران سەرەتا ناوچە زیان لێکەوتووەکانی بە داپۆشەری کاتی گرتووە و دواتر گۆڕیویەتی بۆ تۆڕی پارێزەر و بارهەڵگرەکانی تێکەڵکردنی کۆنکرێت لە شوێنەکەدا بینراوە، کە ئەمەش لەلایەن شارەزایانەوە وەک پێشێلکارییەکی ئەگەریی رێککەوتنەکە سەیر دەکرێت.

سی ئێن ئێن باسی لەوەشکردوە، ، لە پێگە سەرەکییەکانی وەک نەتەنز، فۆردۆ و ئەسفەهان هیچ چالاکییەکی هاوشێوە بەدی نەکراوە، بەڵام نۆژەنکردنەوەکە، پێگە موشەکییەکانیشی گرتووەتەوە؛ لە بنکەی "تەبرێز" کارەکانی قیرتاوکردنی نوێ و لە بنکەی ئاسمانیی هەمان شار کار بۆ پڕکردنەوەی ئەو چاڵانە کراوە کە بەهۆی بۆردومانەکانەوە دروست ببوون.

هەروەها لە بنکەی کرماشان حەفارەکان خەریکی لادانی پاشماوەی وێرانکارییەکان و پاککردنەوەی دەروازەی تونێلەکان بوون.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە،کەمبوونەوەی ئەو سنوردارکردنانەی پێشتر لەسەر بڵاوکردنەوەی وێنە سەتەلایتییەکانی ئێران لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە سەپێنرابوون، رێگەی خۆشکردووە بۆ ناسینەوەی ئەو شوێنانەی تاران لە پێشینەی کارەکانی داناوە بۆ چاککردنەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دەرفەتەکانی گەیشتن بە رێککەوتنی هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوولای ئاڵۆزتر کردووە.