سبەینێ شەممە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە یاوەری وەفدێکی دیپلۆماسی سەردانی عومان دەکات، میدیاکانی  ئێران دەڵێن؛ هۆکاری سەردانەکە بۆ رەوشی ئەمنی و سترتیژی گەروی هورمزە.

ئەمڕۆ هەینی ئاژانسی هەواڵی ئێرنا رایگەیاند، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیان و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی رەوشی ئەمنی و ستراتیژی گەروی هورمز، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی عومان دەکات.

ئەم سەردانەی حراقچی لە کاتێکدایە، ئێران بەهۆی ئەوەی ئەندام نییە لە رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریایی، هەوڵ دەدات بە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتی عومان بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی گەروی هورمز بگرێتە دەست.

داواکارییەکەی تاران، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەگەڵ دژایەتی و ناڕەزایەتییەکی بەرفراواندا روبەڕوو بووەتەوە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە لەگەڵ ئەمریکادا ناگەنە رێککەوتن.

لای خۆشیەوە عومانیش وەک دووەم وڵاتی کەناراو لە گەروی هورمزدا، پێشتر چەندین جار جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە پابەندە بە دابینکردن و پاراستنی ئازادیی گەشتی دەریایی و بازرگانی لەو گەروە نێودەوڵەتییەدا و نایەوێت ببێتە لایەنێک لە تێکدانی سەقامگیریی ئاویی ناوچەکە.