ئیسرائیل ئامادەکارییەکانی بۆ روبەڕوبوونەوەی پەرەسەندنەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران چڕ دەکاتەوە بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی، دامەزراوە بەرگرییەکانی ئەو وڵاتە بە وردی چاودێری گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن.

کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاویکردوەتەوە،  سوپای ئیسرائیل خۆیان بۆ سیناریۆی جۆراوجۆر ئامادە دەکەن؛ ئەمەش لەبەر رۆشنایی زیادبوونی نیگەرانییەکان لە ئەگەری پەرەسەندنی خێرای ململانێکان و راکێشرانی ئیسرائیل بۆ ناو ئەو قەیرانە.

هەرچەندە ئاڵوگۆڕی تەقەکانی ئەم دواییانە تەنیا لە ناوچەی کەنداودا بووە و نەکەوتووەتە ناو خاکی ئیسرائیلەوە، بەڵام بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی رەوشی ئەمنی، کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری بە ئامادەبوونی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی بەڕێوەدەبات.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سوپای ئیسرائیل ئاستی ئامادەباشی خۆی لە سەرجەم سێکتەرەکاندا بەرزکردووەتەوە؛ هاوکات بۆ رێگریکردن لە هەر سوپرایزێک، هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەپارێزێت و ئامادەکارییە بەرگریی و هێرشبەرییەکانی بەهێزتر کردووە.