ماکرۆن: ئێمە یەکەم وڵات بووین سزاکانمان لەسەر سوریا هەڵگرت و پلانمان بۆ بەردەوامیی کارەکانمان هەیە
محەمەد رزگار
٧ی تەمووزی ٢٠٢٦
سەرۆکی سوریا و سەرۆکی فەرەنسا لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لە دیمەشق، تیشکیانخستەسەر هەڵگرتنی سزاکان، ئایندەی ئابوریی هاوبەش و دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەکان.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە رێگەی پێگە جوگرافییەکەیەوە رۆڵە زیندووەکەی خۆی لە ناوچەکەدا وەرگرتووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەیانەوێت فەرەنسا ببێتە هاوبەشی یەکەمیان لە بازاڕی رێڕەوە جیهانییەکاندا و وتی: "هەرکەسێک زوو وەبەرهێنان لە سوریادا بکات، زووش قازانج دەکات."
لای خۆشییەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی یەکەم لایەن بووە کە سزاکانی سەر سوریای هەڵگرتووە، هەروەها ئاماژەی بە بوونی چەندین پلانی دیکە کرد بۆ بەردەوامبوونی کارکردن لەگەڵ دیمەشقدا. ماکرۆن وتیشی: "راستە چەندین ئاڵەنگاری لەبەردەم سوریادا هەن، بەڵام هاوکات چەندین دەرفەتیش بۆ کۆمپانیاکانمان رەخساون."
سەبارەت بە دۆسیەی مرۆیی، سەرۆکی فەرەنسا جەختی لەوەکردەوە، کار دەکەن بۆ دابینکردنی تەواوی رەخساندنی بارودۆخ و مەرجەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سوریا.
ماکرۆن ئەوەشی خستەڕوو، هیچ شتێک ناتوانێت ئارەزووی سورییەکان بۆ ژیان لە ناوخۆی وڵاتێکدا کە خاوەن سەروەری و ئاسایشی تەواو بێت، لاواز بکات. هەروەها پاش روداوەکانی پێشتر، دووبارە جەختی کردەوە کە سەردانەکەی بۆ سوریا بەردەوام دەبێت.



