دوای ئەوەی بەریتانیا بە ئامانجگرتنی كەشتییەكی راگەیاند، ماڵپەڕی ئەكسیۆس بڵاویكردەوە، ئێران دوو كەشتی بازرگانی لە گەروی هورمز پێكاوە و رەنگە ئەمریكاش وەڵامی ئەو هێرشە بداتەوە.

لێپرسراوێكی ئەمریكی بە ئەكسیۆسی وتووە، سوپای پاسداران دوو موشەكی بە ئاڕاستەی ئەو كەشتییە بازرگانییانە هەڵداوە، كە گەروی هورمز تێدەپەڕێنن، هێرشەكەش زیانی گەورەی بە دوو كەشتی گەیاندووە، بەڵام زیانی گیانی لێنەكەوتووەتەوە.

ئەكسیۆس راشیگەیاندووە، رەنگە ئەمریكا وەڵامی ئەو هێرشە بداتەوە و پێگەكانی ئێران بكاتە ئامانج.

پێش لە ئەكسیۆس، دەستەی ئۆپراسیۆنەكانی بازرگانی دەریایی بەریتانیا بڵاویكردبووەوە، كەشتییەكی نەوت لە كەناراوەكانی سەڵتەنەی عومان لە گەروی هورمز بە ئامانج گیراوە و بەهۆیەوە ئاگر كەوتووەتەوە، بەڵام روداوەكە زیانی گیانی و ژینگەیی لێنەكەوتووەتەوە و لەكاتێكدا بووە كە ئەو كەشتییە بەڕێگەوە بووە بەرەو كەنداوی عومان.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، دوێنێ شەش بارهەڵگری گەورەی نەوت كە نزیكەی 12 ملیۆن بەرمیل نەوتیان پێبووە، گەروی هورمزیان تێپەڕاندووە.