تائێستا دەست بەڕێکارەکانی کۆکردنەوەی داهاتی نانەوتی نەکراوە، سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرایدەکات، ئەگەر بەغداد بڕی 120 ملیار دینار وەک داهات بگێڕێتەوە کێشەی گەورە بۆ موچە دروست دەبێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، تا ئێستا وەزارەت هیچ هەنگاوێکی رەسمی بۆ کۆکردنەوەی داهاتی نانەوتی لە هەرێمی کوردستان دەست پێ نەکردووە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، وەزارەتی دارایی لەبەردەم کێشەیەکی گەورەدایە، چونکە هێشتا کورتیی داهاتی مانگی رابردوو پڕ نەکراوەتەوە، هەروەها ئەگەر حکومەتی عیراق لەم مانگەش بڕی 120 ملیار دینار پارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بگێڕێتەوە، ئەوا کێشەیەکی گەورە بۆ دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران دروست دەبێت.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکرێت  ئەم مانگە زیاتر لە 50 ملیار دینار داهاتی نانەوتی کۆبکرێتەوە، لە هەمان کاتدا هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی بڕی ئەو داهاتەی داوای لێدەکرێت لەلایەن حکومەتی عیراقەوە بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا بەغداد هەر سورە لەسەر پێویستی دابینکردنی 120 ملیار دینار.