سەرۆکی یەکێتی و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا کۆبوونەوە
١ی تەمووزی ٢٠٢٦
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە قوباد تاڵەبانیش بەشدار بوو، نوێترین پێشهات و گۆڕانکارییەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە بە گرنگ زانرا.
پرۆسەی ئاشتی خرایەبەر باس و سەرۆک بافڵ جارێکی دیکە پشتیوانیی یەکێتی بۆ سەرخستنی ئەم هەنگاوە مێژووییە دووپاتکردەوە و وتی؛ ئێمە لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال درێژە بە هەوڵەکانمان دەدەین تاوەکو ئەم هەنگاوە گرنگ و چارەنووسسازە سەربگرێت، بە ئامانجی زاڵکردنی پێکەوەژیان و گەیشتن بە ئاشتییەکی سەرتاسەری کە لە بەرژەوەندیی ئاسایش و ئارامیی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێت.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان کردەوە.


