ئاژانسی رۆیتەرز: ئێران سوورە لەسەر سەپاندنی باج و کۆنتڕۆڵکردنی گەروی هورمز
دیلان
١ی تەمووزی ٢٠٢٦
ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، تاران سوورە لەسەر سەپاندنی دەسەڵاتی تەواوتی خۆی بەسەر گەروی هورموزدا و دەیەوێت باج لەو کەشتییانە وەربگرێت کە دەچنە ناو ناوچەی کەنداو یان لێی دەردهچن، تەنانەت ئەگەر بۆ ئەمەش ناچار بێت، پەنا بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی ببات.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی باڵای ئێرانییەوە ئاشکرایکرد، بەپێی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران، تاران رازی بووە بۆ ماوەی 60 رۆژ رێگە بە تێپەڕبوونی کەشتییەکان بدات، بەڵام بەرپرسانی ئێران پێیان وایە بەپێی رێککەوتنەکە رێگەیان پێدەدرێت کۆنتڕۆڵی هێڵەکانی هاتوچۆ و جۆری ئەو کەشتییانە بکەن کە تێپەڕ دەبن.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر رێککەوتنەکە درێژ نەکرێتەوە، تاران لە ناوەڕاستی مانگی ئابەوە دەستدەکات بە وەرگرتنی باج لە کەشتییەکان، تەنانەت ئەگەر بۆ ئەمەش ناچار بێت پەنا بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازیی ببات.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوە ئەم خواستەی ئێرانیان رەتکردووەتەوە و رایانگەیاندووە؛ رێگە بە هیچ وڵاتێک نادرێت باج یان سەرانە لە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکاندا بسەپێنێت.



