شەرع: ئیسرائیل دەیەوێت سوریا بخاتە ناو پشێوییەکی نوێوە
سەوسەن سەید
٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، ئەمڕۆ سێشەممە سەرکۆنەی هەوڵەکانی ئیسرائیلی کرد بۆ تێکدانی سەقامگیری لە ناوچەکانی باشوری سوریا، و رایگەیاند کە ئەوەی رودەدات لە چوارچێوەی هەوڵەکاندایە بۆ نوقمکردنی وڵات لە پشێوییەکی نوێدا و لاوازکردنی تواناکانی بۆ تەواوکردنی پرۆسەی بونیاتنانەوە.
کەناڵی "ئەلئیخباریە"ی سوری لە زاری شەرعەوە گواستییەوە: ئیسرائیل دووبارە هەوڵدەدات خاکی سوریا بکاتە گۆڕەپانی پشێوییەکی بێبڕانەوە، بە ئامانجی تێکدانی یەکڕیزی گەلی سوریا و لاوازکردنی تواناکانی بۆ بەردەوامبوون لە کاروانی راپەڕین و بونیاتنانەوە.
شەرع وتیشی: سوریا گۆڕەپانی تاقیکردنەوەی پیلانگێڕییە دەرەکییەکان نییە، و شوێنێکیش نییە بۆ جێبەجێکردنی تەماحی لایەنەکانی ترە، ئەم هەڵوێستەش رەنگدانەوەی پەرەسەندنێکی سیاسی رونی دیمەشقە بەرانبەر بە تحرکاتی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە باشور.
ئەم لێدوانانەی شەرع دوای ئەوە هاتن کە هێزەکانی ئیسرائیل چوونە ناو گوندەکانی عابیدین، جوملە و تەل مەغەر لە پارێزگای دەرعای باشور، کە دوێنێ دووشەممە روبەڕووی بۆردوومانی تۆپخانە و هێرشی هەلیکۆپتەر بوونەوە، لە کاتێکدا ناوچەکە گرژییەکی سەربازیی توندی بەخۆوە بینیوە.



