قوباد تاڵەبانی: عیراق هەنگاوی باشی ناوە بەرەو سەربەخۆیی سیاسی
سام
٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازیکرد لە ئێلبروس کوتراشێڤ، باڵیۆزی روسیا لە عیراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا لەسەر چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێشەممە (23/6/2026) بە ئامادەبوونی ماکسیم رۆبین، کونسوڵی گشتیی روسیا لە هەرێم بەڕێوەچوو، باس لە دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرا، هەردوولا هیوایان خواست لێکتێگەیشتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەرەنجامێکی دڵخوازی بۆ هەردوولا و ناوچەکەی لێ بکەوێتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد کرا، لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران بە ئاماژەدان بە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق، جەختی کردەوە قۆناغێکی نوێ لە عیراق هاتووەتە ئاراوە و پێویستە هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغداد لەم قۆناغەدا هاوکات لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، پێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بن بۆ گەشەپێدانی ئابووری عیراق و باشترکردنی رەوشی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان.
قوباد تاڵەبانی روونیشیکردەوە، لەم قۆناغەدا عیراق هەنگاوی باشی ناوە بەرەو سەربەخۆیی سیاسی و پێویستە هەموو لایەنەکان پشتگیری ئەم حکومەتە نوێیە بکەن بۆ ئەوەی باشتر بتوانێت عیراق لە ململانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بپارێزێت.



