هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی گفتوگۆ تەکنیکییەکان لە سویسرا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس نووسیویەتی، ئێران رازی دەبێت بە ئەنجامدانی پشکنینی سەرەکی و بەرفراوان بۆ چەکەکانی، ئەمەش بە مەبەستی دەستەبەرکردنی "شەفافییەتی ئەتۆمی" بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.

ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای چەند سەعاتێک دێت لە لێدوانێکی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە تێیدا ئاشکرای کردبوو؛ تاران رازی بووە بە گەڕانەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، و پێشبینیشی کرد گفتوگۆکانی تایبەت بە پشکنینە ئەتۆمییەکان لە چەند رۆژی داهاتوودا یان لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە دەستپێبکەن.

لەلایەکی ترەوە و لە وەڵامی ئەم لێدوانانەی لێپرسراوانی واشنتۆندا، ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ هاوکارییەکانی تاران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە چوارچێوەی یاسا و رێککەوتنە بنەڕەتییەکاندا بەردەوامە.

بەقائی جەختیشی کردەوە، هەر بڕیارێک لەم دۆسیەیەدا، بەندە بە مەرجی رەزامەندیی پەرلەمانی ئێران و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەوە.