ترەمپ: بەرگریی ئاسمانی و زۆربەی مووشەکەکانی ئیرانمان لەناو بردووە
سەوسەن سەید
١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "فۆکس نیوز" رایگەیاند، ئەگەر ئێران نەگاتە رێککەوتن، بە توندی بۆردومانی دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد: ئێرانییەکان زۆر خۆبەزلزانن و ماوەی 47 ساڵە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشێوازی سەرەڕۆیانە رەفتار دەکەن.
ترەمپ قەبارەی زیانە سەربازییەکانی ئێرانی ئاشکرا کرد و وتی: سەرجەم رادارەکان، سیستمی بەرگریی ئاسمانی و زۆربەی مووشەکەکانی ئێرانمان تێکشکاندووە، پێمانوایە ئەوەی ئێستا لەبەردەستیاندا ماوەتەوە تەنها نزیکەی 20٪ی تواناکانیانە.
هەروەها رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015ی بە یەکێک لە خراپترین رێککەوتنەکان لە مێژوودا ناوبرد و دووپاتی کردەوە کە: لە ئێستادا دەیەوێت رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ تاراندا واژۆ بکات.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووش، ترەمپ هۆشداریدا و وتی: پردەکان ئامانجی داهاتووی هێرشەکانمان دەبن، بەڵام من نامەوێت ئەو کارە بکەم، چونکە کاتێک ئەوە ئەنجام دەدەم خەڵکی دەناڵێنن و تووشی ناڕەحەتی دەبن.
لەلایەکی ترەوە، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، کە ئەم هەڕەشە نوێیەی ترەمپ بۆ سەر ئێران، ئامانج لێی دروستکردنی گوشارە بۆ سەر تاران تا نەرمی زیاتر لە دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا نیشان بدات.


