قوباد تاڵەبانی: دۆستەكانمان داوامان لێدەكەن حكومەت پێكبهێنین
محەمەد رزگار
٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی دەڵێت، سیاسەتی یەكێتی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمە لە زوترین كاتدا، هەروەها بەپێوەری كورسی، جوگرافیا یان مێژوو ئامادەن بۆ پێكهێنانی حكومەت.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی دووەمین كۆڕبەندی ئابووری دێڵفی لە سلێمانی رایگەیاند، گفتوگۆی زۆر باش لە كۆڕبەندی دێڵفی دەكرێت و ساڵی داهاتووش كۆڕبەندی دێڵفی دەهێنینەوە بۆ سلێمانی.
سەبارەت بەپێکهێنانی حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، سیاسەتی یەكێتی پێكهێنانی حكومەتە لە زوترین كاتدا و دۆستەكانمان داوامان لێدەكەن حكومەت پێكبهێنین، هاوکات پێكنەهێنانی حكومەت خەریكە زیان بە ناوبانگی هەرێم دەگەیەنێن، دەشڵێت؛ بەپێوەری كورسی بێت یان جوگرافیا یان مێژوو ئامادەین بۆ پێكێكهێنانی حكومەت، هەروەها یەكێتی و پارتی بە تەنها ناتوانن حكومەت پێكبهێنن و هەر لایەنێك بە تەنها حكومەت پێكبهێنێت ناتوانێت كوردستان بەڕێوەبەرێت.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاشکراشیکرد، قۆناغی زۆرمان لەگەڵ پارتی بڕیوە و دیدگای هاوبەشمان نوسیوەتەوە ولەگەڵ هەموو لایەنەكان گفتوگۆ دەكەین و ئامادەین بۆ كۆبوونەوە.
سەبارەت پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداد قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بۆ پرسی موچە عیراق دەیەوێت حكومەتێك لە هەرێم هەبێت كاربەڕێكەر نەبێت و عیراق جۆرێك لە دڵنیایی داوەتە كۆمپانیا نەوتییەكان لە هەرێم.
دەشڵێت؛ زیادبوونی هەناردەی نەوتی هەرێم لە بەرژەوەندی عیراقیشە و لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی هەرێم گفتوگۆ لەگەڵ عیراق دەكەین.
قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، توركیا وڵاتێكی گرنگە و كارمان كردووە بۆ گۆڕینی تێڕوانینی بەرانبەر هەرێم و سلێمانی و ئەم شارە پێویستی بە پەیوەندییەكی بەهێزە لەگەڵ توركیا.
راشیگەیاند، پشتیوانی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەكەین چونكە ناوچەكە دەگۆڕێت
سەبارەت بە رەوشی ئێستای یەکێتی و پەیوەندییەکان لەگەڵ پارتی قوباد تاڵەبانی وتی؛ ئێستا یەكێتی خاوەن یەك سەركردایەتی و یەك سەرۆك و یەك بڕیار و تیڕوانین و پەیامە، هەروەها كاك مەسعود لەهەموو كەس باشتر دەزانێت بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم دەبێت تەبایی لەنێوان یەكێتی و پارتی هەبێت
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاشکرایکرد، پرۆژەی باش لە سلێمانی جێبەجێكراوە و دەستخۆشی لە وەبەرهێنەران دەكەم و ئاوەدانی سلێمانی جێگەی شانازییە.
وتیشی، كاركردن لە سلێمانی ئاسانە و ژێرخانی رێگەوبان لە سنورەكە لەئاست پێویستدا نییە بەڵام كاری باشتر دەكەین.
قوباد تاڵەبانی تیشکی خستەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا و وتی، دەمانەوێت لە هەموو سێكتەرەكان پەیوەندییەكی بەهێزمان لەگەڵ ئەمریكا هەبێت و دەمانەوێت واشنتۆن یارمەتیدەری عیراق و هەرێمی كوردستان بێت.
قوباد تاڵەبانی: ناكۆكی نێوان یەكێتی و پارتی ئاساییە
"هەرێم كوردستان قەوارەیەكی دەستورییە و خاوەن وەزارەتی پێشمەرگەیە و چەكی هێزی پێشمەرگە لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمە، بۆیە ناكرێت چەكی هێزی پێشمەرگە بەراورد بكرێت بە پرسی تر لە عیراق، "قوباد تاڵەبانی وا دەڵێت"


