بەپێی زانیارییەكانی رۆژنامەیەكی ئەمریكی، ئێران دەیان پێگەی موشەكیی بەكارخستووەتەوە و سەمۆ موشەكییەكانیشی گواستوەتەوە بۆ چەند شوێنێكی جیاواز.

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە زاری چەند لێپرسراوێكی باڵای ئەمریكاوە بڵاویكردووەتەوە، ئێران دەستیكردووە بە كردنەوە و كارپێكردنەوەی 30 پێگەی موشەكیی و سەكۆ موشەكییەكانیشی گواستوەتەوە بۆ چەند شوێنێكی جیاواز، ئەوەش وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەگەری دەستپێكردنەوەی جەنگ.

بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی هەواڵگری ئەمریكاش، ئێران تائێستا پارێزگاری لە نزیكەی لە سەدا 70ی سەكۆ موشەكییەكانی و لەسەدا 70ی موشەكە كۆگاكراوەكانی دەكات كە لە نێویاندا موشەكی بالیستی و موشەكی كروزیش هەیە.

بەپێی راپۆرتەكانیش، رێژەی لەسەدا 90ی دامەزراوەكانی كۆگاكردن و هەڵدانی موشەكی ئێران كە لەژێر زەویدان، ئێستا بۆ بەكارهێنان گونجاون سەرباری ئەوەی لە چەند مانگی رابردوودا لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریكاوە كرابوونە ئامانج.