وتەبێژی دەم پارتی: لە چەند رۆژی داهاتوودا وەفدی ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلان دەكات
هادی
١٩ی ئایاری ٢٠٢٦
وتەبێژی دەم پارتی دەڵێت، وەفدی ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلان دەكات و داوا لە پەرلەمانی توركیاش دەكات شێوازێكی نوێ بۆ ئاشتی دابڕێژێت.
ئایشەگوڵ دۆغان وتەبێژی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان "دەم پارتی" لەبارەی هەنگاوەكانی پرۆسەی ئاشتی رایگەیاند، داواكاری كۆمەڵگە بۆ ئاشتی بەهێزە، بەڵام متمانە بە پرۆسەكە لاوازە، چونكە كۆمەڵگە دەیەوێت ئاشتی بەدیبهێنرێت، بەڵام بە ئاشكرا خاوبوونەوە لە پرۆسەی ئاشتی بەدیدەكرێت.
لەبارەی لێدوانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیاش لە سەر ئاشتی ئاماژەی بەوەكرد، ئەردۆغان وتویەتی پرۆسەكە بەردەوامە و كۆمیسیۆنەكەی پەرلەمانیش نیشاندەری ئەو راستییەیە، بەڵام كاتێك هەنگاوی یەكلاكەرەوە نەنرێت، خەڵك نیگەران دەبێت.
وتیشی، لە چەند رۆژی داهاتوودا وەفدی ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلان دەكەن و لەسەر ئەو بنەمایە داوا لە پەرلەمانی توركیا دەكەن شێوازێكی نوێ بۆ ئاشتی دابڕێژێت و دەبێت ئۆجەلانیش لە هەلومەرجێكی ئازاددا پرۆسەكە بەڕیوەببات.



