کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عیراق، وادەی دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی تۆماری بایۆمێتری بۆ دەنگدەران راگەیاند، کە بڕیارە لە 20ی نیسانی 2026 دەستپێبکات و تەواوی پارێزگاکانی وڵات بگرێتەوە.

جومانە غەلای، وتەبێژی رەسمی کۆمیسیۆن، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم قۆناغە لە رێگەی 1079 بنکەی تۆمارکردنەوە بەڕێوەدەچێت، پڕۆسەکە بە پلەی یەکەم ئەو هاووڵاتییانە دەگرێتەوە کە پێشتر ناویان تۆمار نەکردووە، لەگەڵ گەنجانی لەدایکبووی ساڵی 2008 کە بۆ یەکەمجار مافی دەنگدانیان دەبێت.

کۆمیسیۆن جەختی کردەوە کە تەنها پشت بە "کارتی نیشتمانیی" دەبەستێت و رەگەزنامە و ناسنامەی کۆن وەرناگیرێت، وپڕۆسەکە چەند بوارێک دەگرێتەوە، لەوانە: تۆماری نوێ بۆ ئەوانەی پێشتر ناویان نەبووە، وبۆ چاککردنی هەڵە لە ناو، وێنە، یان رێکەوتی لەدایکبوون، وبۆ سڕینەوەی ناوی کۆچکردووان لەلایەن کەسوکاریانەوە بە بەڵگەی رەسمی.

وتەبێژی کۆمیسیۆن، سەبارەت بە هێزە ئەمنییەکان، ئاماژەی بەوەکد، کە پڕۆسەی نوێکردنەوە و گۆڕینی جۆری دەنگدان (گشتی و تایبەت) بەردەوام دەبێت. بەڵام غەلای رونی کردەوە کە لەم قۆناغەدا "گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون" لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی تر رێگەی پێنادرێت و بۆ کاتێکی تر دواخراوە.

لە کۆتاییدا، کۆمیسیۆن داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی دەوامی فەرمیدا سەردانی بنکەکان بکەن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وەرگرتنی پەنجەمۆر و وێنەی بایۆمێترییەوە، مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا پارێزراو بێت.