قوباد تاڵەبانی: یەکێتی لە هەموو ناوەندە گرنگەکان حیساب بۆ بۆچوون و سیاسەتی دەکرێت
ساکۆ
١٨ی نیسانی ٢٠٢٦
قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال سەردانی دەڤەری سۆرانی کرد و لە رێورەسمی ئاڵوگۆڕکردنی لێپرسراوی مەڵبەندی دەڤەرەکە بەشداربوو
لە دوای سەردانەکەی بۆ دەڤەری راپەڕین و ئاڵوگۆڕ لە پۆستی مەڵبەندی ئەو دەڤەرە، قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بۆ هەمان مەبەست سەردانی دەڤەری سۆرانی کرد و لە رێوڕەسمێکدا لە مەڵبەندی سۆران، هەڤاڵ خدر مستەفا ماڵئاوایی لە پۆستەکەی کرد و هەڤاڵ کاروان گەزنەیی وەک لێپرسراوی نوێی مەڵبەند دەستبەکار بوو.
قوباد تاڵەبانی لە وتارەکەیدا بە ناوی سەرۆک بافڵ و خۆی و هەموو سەرکردایەتیی یەکێتییەوە سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی هەڤاڵ خدر مستەفا کرد کە لە ماوەی کارکردنیدا وەک لێپرسراوی مەڵبەندی سۆران زۆر دڵسۆزانە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە. وتیشی: لەگەڵ ئەوەی کارکردن لە دەڤەری سۆران هەمیشە سەخت و پڕ لە تەحەدا و کێشە بووە، بەڵام کاک خدر بە هاوکاریی ئەندامانی مەڵبەند و کادران و دڵسۆزانی یەکێتی، زۆر سەرکەوتووانە سیاسەتی یەکێتی لە سنوورەکە جێبەجێ کردووە.
لێپرسراویی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال بە ناوی خۆی و سەرۆک بافڵ و سەرکردایەتیی یەکێتیشەوە پیرۆزبایی لە هەڤاڵ کاروان گەزنەیی کرد و رایگەیاند: کاک کاروان گەنجێکی پێگەیشتوو و دڵسۆز و بە توانای یەکێتییە و دڵنیاین بە هاوکاریی ئەندامانی مەڵبەند و کادران و جەماوەری یەکێتی سەرکەوتوو دەبێت لەم ئەرکە نوێیەیدا. پشتیوانیی خۆی و سەرۆک بافڵ و هەموو سەرکردایەتیی یەکێتیشی بۆ دەربڕی.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا قوباد تاڵەبانی باسی لە سەنگ و پێگەی یەکێتی کرد لە کوردستان و عیراق و ناوچەکەدا و رایگەیاند: یەکێتی چیتر ئەو یەکێتییەی پێش چەند ساڵ نییە کە تەنیا بە کێشەکانی ناوخۆیەوە سەرقاڵ بوو، بەڵكو یەکێتی ئێستا بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ یەکێکە لە هێزە هەرە کاریگەرەکانی عیراق و وەک یەكێتییەکەی سەردەمی مام جەلال، لە بەغداد رۆڵی گرنگ دەبینێت لە داڕشتنەوەی سیاسەت و کردنەوەی گرێکوێرەکان.
وتیشی یەکێتی ئێستا ئەو هێزەیە لە واشینتۆن و تاران و پاریس و مۆسکۆ و هەموو ناوەندە گرنگەکان حیساب بۆ بۆچوون و سیاسەتی دەکرێت.


