ترەمپ: هەموو پاشماوەكانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران وەردەگرین و پارەش نادەین
ساکۆ
١٧ی نیسانی ٢٠٢٦
بڕیارە رۆژی یەك شەممە دانوستانەكانی ئەمریكا و ئێران لە ئیسلام ئاباد دەستپێبكەنەوە و ترەمپیش رەتیدەكاتەوە پارە بە ئێران بدات
ماڵپەری ئەكسیۆس لە زاری لێپرسراوێكی ئەمریكاوە بڵاویكردووەتەوە، بە ئەگەرێكی زۆرەوە وەفدی ئێران و ئەمریكا رۆژی یەك شەممە جارێكی تر لە ئیسلام ئاباد كۆدەبنەوە، ئەمریكا پێشنیازیكردووە بڕی 20 ملیار دۆلاری بلۆككراو بدرێتە ئێران لە بەرانبەر گواستنەوەی یۆرانیۆمە پیتێندراوەكەی ئێران.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاش لە وەڵامدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تروس سۆشیاڵ رایگەیاند، هیچ پارەیەك نادەن بە ئێران و هەموو پاشماوە ئەتۆمییەكانیشی دەبەن.
وتیشی، ئێران رەزامەندی دەربڕیووە پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت و گەروی هورمزیش بە هەمیشەیی بكاتەوە.
لێپرسراوێكی باڵای ئەمنیی پاكستان بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، گفتوگۆكانی نێوان ئەمریكا و ئێران گەیشتووەتە قۆناغێكی زۆر باش و گەیشتن بە رێككەوتنیش نزیكە لە قۆناغی كۆتایی، چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەی داهاتووی نێوان ئەمریكا و ئێراندا یاداشتێكی لێكتێگەیشتن ئیمزا بكرێت.


