لە ترسی ترەمپ و جەنگی ئێران؛ ئەوروپا بەرەو دروستکردنی "ناتۆیەکی ناوخۆیی" و گەڕانەوەی "سەربازیی زۆرەملێ" هەنگاو دەنێت.

رۆژنامەی 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ'ـی ئەمریکی لە تاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای دەکات، وڵاتانی ئەوروپا سەرقاڵی داڕشتنی "پلانێکی نائاسایین" بۆ پاراستنی کیشوەرەکە بە توانای ناوخۆیی خۆیان، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هەڕەشە جددییەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کشانەوە لە ناتۆ.

بەپێی راپۆرتەکە، گۆڕانکارییە گەورەکە لە هەڵوێستی (فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیاوە دەستی پێکردووە؛ ئەڵمانیا کە پێشتر گەورەترین داکۆکیکار بوو لە مانەوەی ئەمریکا وەک پارێزەری ئەوروپا، ئێستا گومانی لە متمانەپێکراوی واشنتۆن هەیە و پاڵپشتی لە دروستکردنی "هاوپەیمانیی ویستراوەکان" لە ناو ناتۆدا دەکات، کە فەرەنسا، بەریتانیا، پۆڵەندا و کەنەداش دەگرێتەوە.

رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەم پلانە لە ساڵی 2025ـەوە بیرۆکەی بۆ دانراوە، بەڵام دوای هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی "گرینلاند" و پاشانیش رەتکردنەوەی هاوکاریی سەربازیی ئەوروپا بۆ ئەمریکا لە جەنگی دژی ئێراندا، پرۆسەکە خێراتر بووە، ترەمپ رەتکردنەوەی هاوکاریی ئەوروپییەکانی بە "شەرمەزارییەک کە نا سڕێتەوە" ناوبردووە.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرایکردووە، پلانە نوێیەکە تەنها لە چوارچێوەی بیرۆکەدا نەماوەتەوە، بەڵکو ئەوروپییەکان کار دەکەن بۆ گەڕانەوەی سیستمی سەربازیی زۆرەملێ.

هەروەها گرتنەدەستی فەرماندەیی سیستمی بەرگریی ئاسمانی و موشەکیی ناتۆ و پەرەپێدانی پیشەسازیی سەربازی لە بوارەکانی بۆشایی ئاسمان ، هەواڵگری و کەشتییە ئاسمانییەکان بۆ پڕکردنەوەی شوێنپێی ئەمریکا، یەکێکی ترن لە پلانەکانی ئەوروپا.

ئەم جوڵانەی ئەوروپا نیشانەی قۆناغێکی نوێیە کە تێیدا کیشوەرە پیرەکە هەوڵ دەدات کلیلی پاراستنی سنورەکانی لە چنگە پۆڵایینەکانی واشنتۆن دەربهێنێت و خۆی بۆ "خراپترین ئەگەر" ئامادە بکات.