ئاژانسی تاوانی نیشتمانی بەریتانیا رایگەیاند، دوو بازرگان کە شوشتنگەیەکی ئۆتۆمبیلیان لەبەریتانیا بەڕێوەدەبرد، بە نهێنی خەریکی پلاندانان بوون بۆ کاری گەورەی قاچاخچیەتیکردنی خەڵک و سەدان کۆچبەریان لەسەرانسەری ئەوروپادا گواستووەتەوە.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: دوو قاچاخچییەکە تەمەنیان 43 و 42 ساڵ بووە و هەریەکەیان سزای 19 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچوو، کە تەنها لە شەش مانگدا 400 کۆچبەرییان گواستووەتەوە.

ئاژانسی نیشتمانی تاوان رایگەیاندووە، کە دەستگیرکراوەکان وەک بەشێک لە گرووپێکی گەورەی تاوانی رێکخراو، ئاسانکاریان کردووە بۆ گواستنەوەی کۆچبەران لە عیراق و سوریاوە لەرێگاکانی (بیلاڕوس، مۆڵدۆڤا، بۆسنە، ئیتاڵیا، کرواتیا، رۆمانیا، بولگاریا، سلۆڤینیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا)وە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو دوو کەسە بە چەندین رێگای جیاواز کۆچبەرەکانییان گواستووەتەوە لەوانە، بەپێ یان رێگەی VIP یان ئۆتۆمبیلی بچووک یاخود بە بارهەڵگر و یەخت، هەروەها دابینکردنی گەشتی فڕۆکە.

ئاژانسەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو دوو قاچاخچییە لەرێگەی نوسینگەکانی حەواڵە کە بنکەکانیان لە عیراق و هەرێمی کوردستان و ئیستەنبوڵ بووە پارەیان لە کۆچبەران وەرگرتووە بۆ ئەوەی گەشتەکانیان ئەنجام بدەن.

کاتی دەستگیرکردنی قاچاخچییەکان دەگەڕێتەوە بۆ مانگی نیسانی 2023 ئەمڕۆ هەینی 10ی نیسانی 2026 بە بڕیاری دادگا سزای 19 ساڵ زیندانی بۆ هەردووکییان دەرکرا.